بەردەوامیی زەخت و گوشار بۆ سەر قوتابیانی ناوچە کوردنشینەکان

16:01 - 30 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی قوتابخانەی هەندێک لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بۆ کڕینی کەلوپەلی قوتابخانە پارە لە قوتابیان وەردەگرن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەرپرسانی هەندێک لەقوتابخانەی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بۆ کڕینی \"تەختە پاکون و ماژیک\" لە هەر قوتابییەک بڕە پارەیەک وەردەگرن.

لە حەفتەكانی رابردوودا ئەم بڕیارە لە شاری مەریوانیش جێبەجێ‌ كرا و گوشاریان بۆ بنەماڵەی قوتابیان هێنابوو كە دەبێ‌ بۆ دابین كردنی پێداویستییەكان هەر قوتابییەك بڕی ٥٠ هەزار تمەن یارمەتیی قوتابخانەكان بکات.

\"10313.jpg\"
لەلایەکی دیکەشەوە ماوەیەک پێش ئێستا بەرپرسانی قوتابخانەی \"شبانە روزی\"ی دوا ناوەندیی گوندی \"قشڵاخی پرد\"ی سەربە ناوچەی سەرشیوی سەقز لەژێر گوشاری ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان زەختیان لە قوتابیان کردبوو کە دەبێ بڕی ٧٠٠ هەزار تمەن بابەتی خواردن بەو قوتابخانەیە بدەن.

پێشتریش بەرپرسانی قوتابخانەكانی \"میرئاوا\" و گوندی \"داشبەند\"ی سەربە شاری بۆکان بە مەبەستی چارەسەركردنی گیروگرفتە ئابوورییەكانی قوتابخانەكان زەختیان لە قوتابیان کردبوو کە دەبێ‌ هەر قوتابییەك بڕی ٥٠ هەتا ١٠٠ هەزار تمەن پارە بدات دواتر کە چەند قوتابییەك حازر بە دانی پارە نەبوون، بەو هۆیەوە لە قوتابخانە دەركراون.