بەردەوامیی رەوتی خۆکوژییەکان لەنێو لاوانی کورد دا

15:29 - 31 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: لەدرێژەی رەوتی خۆکوژییەکان لە نێو لاوان لە کوردستان، دوو هاووڵاتیی دیکەی کورد کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی سێ‌شەممە ٣٠ی پووشپەڕ، کچە خوێندکارێکی خەڵکی شاری بوکان بە ناوی \"س.ک\" دوای ئەوەی لە ئەزموونەکانی سەرتاسەری(کنکور) دەرنەچووە هەوڵی خۆکوژی داوە و کۆتایی بە ژیانی هاتووە.

دەوترێ، ئەو کچە خوێندکارە لە نهۆمی سێیەمی ماڵەکەیان لە شارەکی فەرهەنگیان خۆی فڕی داوەتە خوارەوە.

لەلایەکی دیکەوە، رۆژی دووشەممە ٢٩ی پووشپەڕ، لاوێکی تەمەن ٢٢ ساڵە بە ناوی \"ج.ر\" خەڵکی شاری شنۆ لە رێگای خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

لەماوەی کەمتر لەیەک مانگدا ئەمە چوارەمین حاڵەتی خۆکوژییە کە لەشاری شنۆ روو دەدات.

تەنیا لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا لە کوردستان و بێجگە لەو ٤ حاڵەتەی شاری شنۆ، سێ هاووڵاتیی دیکەی کوردیش کە دوو کەسیان کچ بوون کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.