بەردەوامیی راوی ئاژەڵە کێوییەکان لە ناوچەکانی هەورامان

15:10 - 7 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: هاوکات لەگەڵ وەرزی جووت بوونی ئاژەڵە کێوییەکان چەند دەستە راوچی لە دارستانەکانی ناوچەی هەورامان دەستیان کردووە بە راوی ئاژەڵەکانی ئەو دارستانانە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند دەستە راوچییەک هاوکات لەگەڵ وەرزی جووتبوونی ئاژەڵە کێوییەکان دەستیان کردووە بە راوی نایاسایی ئاژەڵ و باڵندەی دارستانەکانی \"مەرەخێڵ، هیرتا، بەلەبزان، وشکەناو و نانەوێژە\" لە دەوروبەری پاوە.

هەروەها لەلایەکی دیکەشەوە کەمیی هێزی ژینگەپارێزی و فراوان بوونی ئەو دارستانانە بۆتە هۆی ئەوەی کە بەردەوام چەند دەستە راوچیی خۆجێیی و ناخۆجێی دەست بدەنە راوی نایاسایی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکانی ئەو ناوچانە.

لەو دارستانانەدا ئاژەڵ و باڵندەکانی وەک: \"ئاسک، کەڵ و بزنەکێوی، هەڵۆ، کەو\" بوونیان هەیە کە بەهۆی ئاگرکەوتنەوە و راوی لەڕادەبەدەری کەسانی نابەرپرس، نەسڵی ئەو ئاژەڵانە بەرەو لەناوچوون دەچێت.

پێشتریش‌ چەند کەسێکی سەر بە سپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران له‌ گوندی \"دزڵی\"ی سه‌ربه‌ ناوچه‌ی مه‌ریوان، خه‌ریکی کوشتن و راو کردنی ئاژه‌ڵه‌ کێوییه‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه‌بوون کە بەو ‌هۆیەوە خه‌ڵکی ئه‌و گونده‌ ناڕه‌زایه‌تیی خۆیان ده‌ربڕیبوو.

چەند رۆژ لەمەوبەر لە دەرورووبەری سەوڵاوە چەند راوچییەک لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە دەستبەسەر کران.