بەردەوامیی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە \"سایین قەڵا\"

20:54 - 24 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە شاری \"سایین قەڵا\"، هاووڵاتییەکی کوردی دیکە دەستبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە، ٢٤ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"عەلی شیری\"، کوڕی یەحیا و خەڵکی گوندی \"قوزڵوو\"ی سەر بە \"سایین قەڵا\"، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم لاوە کوردە پاش دەستبەسەرکردن، بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکار یان هۆکارەکانی دەستبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

هەرلەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٣ی پووشپەڕ، هێزە ئیتلاعاتییەکان، هێرشیان کردووەتە سەر گوندی \"قوزڵوو\"ی سەر بە شاری سایین قەڵا و سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی \"خالد ڕەحیمی\"، \"عەلی ئیبراهیمی\"و \"مەحموود قاسمی\"، دەستبەسەر کراون.

هێزەکانی ئیتلاعات بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە.