بەردەوامیی دەسبەسەریی و ناڕوونی چارەنووسی مامۆستایەکی کورد

11:52 - 12 خەزەڵوەر 2722

مامۆستایەکی کورد بە ناوی "مەلا زانا خوشامەن" خەڵکی پەسوێ و دانیشتووی "شیناوێـ"ـی پیرانشار، هەر لە دەسبەسەریدایە و لەمەڕ چارەنووسی ناوبراو هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو مامۆستا کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، بێبەری کراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە لە بارودۆخی مامۆستا مەلا "زانا خوشامەن" زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت کە "سنوور قادری" هاوژینی ئەو مامۆستا کوردە، پاش دوو ڕۆژ دەسبەسەری ئازاد کراوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی ڕەزبەر، مامۆستا مەلا زانا خوشامەن و هاوژینەکەی سنوور قادری، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردبووە سەر ماڵی ئەو مامۆستایە و لەگەڵ هاوژینەکەی دەسبەسەریان کردبوون.

مامۆستا مەلازانا خوشامەن پێشتر پێشنوێژی گوندی "یوونسلیانـ"ـی شنۆ، گوندی "کۆنەقەڵا"ی نەغەدە و گوندی "شێخانـ"ـی پیرانشار بووە.

هەروەها چەند ساڵێک لە قوتابخانەی زانستی ئایینی "سەلاحەدینی ئەیووبـ"ـی پیرانشار، مامۆستا بووە.

هەتا ئێستا لە هۆکاری گیران و تۆمەتی وەپاڵدراوی دژی ئەو مامۆستایە و هاوژینەکەی زانیارییەک بەدەست نەهاتووە.