بەردەوامیی دەسبەسەریی "شلێر ئەحمەدی" لە زیندانی ناوەندیی ورمێ

12:25 - 5 جۆزەردان 2722

هاووڵاتییەک بە ناوی "شلێر ئەحمەدی" کچی مستەفا خەڵکی گوندی "قزڵقۆپیـ"ـی شاری مەهاباد، هەروا لە زیندانی ورمێدا ڕاگیراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادگا بۆ ئازادیی کاتیی ئەو هاووڵاتییە داوای بارمتەی قورسی کردووە و هەتا ئێستا بنەماڵەکەی نەیانتوانیوە ئەو بارمتەیە دابین بکەن.

مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ، شلێر ئەحمەدی  لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرابوو.

شلێر ئەحمەدی خێزاندار و دایکی دوو منداڵە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی ‌وەپاڵدراو دژی ئەو هاووڵاتییە زانیارییەک بەدەست نەهاتووە.