بەردەوامیی دەسبەسەری و ناڕوونیی چارەنووسی سێ هاووڵاتی لە زیندانی سنە

12:08 - 22 خاکەلێوه 2722

سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "محەممەد فەدەوی"، "محەممەد مەهجوور" و "ڕەحمەتوڵڵا ساڵحیان یازی بڵاغی" خەڵکی گوندی "مەڵقەرەنی" و "یازی بڵاغی" سەر بە سەقز، لە زیندانی سنە ڕاگیراون و چارەنووسیان ناڕوونە.

ئەو هاووڵاتییانە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە "دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" بێبەری کراون و هەتا ئێستا دادگایی نەکراون.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٠، ئەو سێ هاووڵاتییە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوون.

ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی سەرماوەزی ساڵی ١٤٠٠، محەممەد فەدەوی و ڕەحمەتوڵڵا ساڵحیان خەڵکی گوندەکانی "مەڵقەرەنی و یازی بڵاغی"، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، کرابوون.

هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر، محەممەد مەهجوور خەڵکی گوندی "مەڵقەرەنی" بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

وێنە: محەممەد فەدەوی، ڕەحمەتوڵڵا ساڵحیان یازی بڵاغی و محەممەد مەهجوور