بەردەوامیی خۆکوژیی ژنان لە گوندێکی ناوچەی دیواندەرە

16:48 - 9 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: لە یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی ساڕاڵی دیواندەرە، ژنێکی تەمەن ٢٥ ساڵ بەهۆی کێشە خێزانییەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداو کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ نیوەشەوی ٧ی خاکەلێوە ژنێک بەناوی شەرمین قودرەتی، لە گوندی گوڵانە\"ی سەربە شاری دیواندەرە ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا و پاش گەیشتن بە نەخۆشخانەی شاری دیواندەرە، بەهۆی کاریگەریی سووتانەکەیەوە، گیانی لەدەست دا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری دیواندەرە رایگەیاند؛ شەرمین قودرەتی، کە ساڵێک پێش ئیستا ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو، دایکی منداڵێکی تەمەن ٢ مانگەش بووە.

یەکێک لە دانیشتوانی گوندی گوڵانە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، گوندی گوڵانە کە زیاتر لە ١٥٠ بنەماڵەی تێدا نیشتەجێن و نزیک بە ١٠٠٠ کەس حەشیمەتی هەیە، لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا لەم گوندە ٨ ژن و کچ هەوڵی خۆکوژییان داوە، کە ٤ کەسیان بەو هۆیەوە گیانیان لەدەست داوە، کە پێش‌تر هیچ جۆرە حاڵەتێکی خۆکوژی یان هەوڵی خۆکوشتن لەم گوندە رووی نەداوە.

چالاکانی کۆمەڵایەتی، ژنان وەکوو قوربانیی یەکەمی دیاردەی خۆکوژی لە قەلەم ئەدەن و یاسای پیاواسالار، هەڵاواردنی رەگەزی، روانینی حەیسیەتی (نامووسی)، دەسەڵات‌خوازی و خۆبەزلزانیی پیاوان، ئایین و نەریتی بوونی کۆمەڵگە، بە تاوانابار زانینی ژنان لە هەموو کێشە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکاندا، بێ دەسەڵاتیی ژن بۆ هەڵبژاردنی دڵخوازانە و سەربەخۆ نەبوونی ژنان لە بواری ماڵییەوە بە هۆکارەکانی خۆکوژیی ژنان لە قەڵەم ئەدەن.