بەردەوامیی خۆکوژیی ژنان لە ورمێ؛ ژنێکی دیکە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا

11:08 - 11 بەفرانبار 2721

ڕۆژی هەینی ١٠ی بەفرانبار، ژنێک بە ناوی "ئێلناز کەلەشی"، خەڵکی ورمێ ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە پاش ئاگرتێبەردان لە جەستەی خۆی ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی ورمێ کرا و بارودۆخی جەستەیی ناوبراو نالەبار ڕاگەیەندراوە.

ئەو سەرچاوە هەروەها وتی: "ئێلناز کەلەشی لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا ژیانی هاوبەشی پێک هێناوە و هەتا ئێستا لە هۆکاری خۆکوژییەکەی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی بەفرانبار، هاووڵاتییەک بە ناوی "کاژین فەتاحی"، کچی "شەهاب"، تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی شارەکی "ڕاژان" سەر بە ورمێ، بە هۆکاری ناڕوون ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ٥ی بەفرانبار، ژنێکی لاو بە ناوی "زارا سابیری"، کچی "سوڵتان"، خەڵکی گوندی "قونی" سەر بە ناوچەی سۆما و برادۆستی ورمێ ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.