بەردەوامیی خۆکوشتنی هاووڵاتییان لەبەر چاوی خەڵک

16:54 - 27 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: ئەفسەرێکی هێزی ئینتزامیی شاری میانە لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژهەڵات، بە زەبری چەک لەبەر چاوی هاووڵاتییان و لە مەیدانی \"معلم\"ی ئەو شارە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی یەکێک لە ماڵپەڕە ناوچەییەکانی شاری میانە، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٠ گەلاوێژی ئەمساڵ ئەفسەرێکی هێزی ئینتزامیی شاری میانە بەناوی کورتکراوی \"سین، عەین\"، لە بەر دەم مقەڕی هێزی ئینتزامیی ئەو شارە لە مەیدانی\"مامۆستا(معلم)\" بە لێدانی گولـلەیەک لە مێشکی خۆی، گیانی لەدەست دا.

ئەو سەرچاوەیە بڵاویشی کردۆتەوە، \"ئەو ئەفسەرەی هێـزی ئینتزامی لە نێوان ئاپۆرەی هاووڵاتییاندا و بێ ئەوەی هۆکاری خۆکووژییەکەی روون بکاتەوە، کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە\".

بڵاو بوونەوەی هەواڵی خۆکوژی و هەروەها هەواڵی تاوانکاریی هێزە نیزامییەکان لە وڵاتی ئێران لە میدیاکانی نێوخۆ قەدەغەیە و بڵاو بوونەوەی هەواڵی خۆکوژیی ئەم ئەفسەرەی هێزی ئینتزامیی شاری میانە یەکێک لە دەگمەن‌ترین ئەو هەواڵانەیە کە لە میدیاکانی ئێراندا بڵاو بۆتەوە.

\"14713.jpg\"
لەماوەی چەند مانگی رابردوودا چەند حاڵەتی دیکەی خۆکوژی لە سەر شەقام و شوێنە گشتییەکاندا رووی داوە کە دەکرێ وەک نموونە ئاماژە بە خۆ کوشتنی هاووڵاتییەکی تەمەن ٤٠ ساڵ لە مەیدان \"سپا\"ی تاران و خۆکوژیی کچێکی تەمەن ١٧ ساڵ لە مەیدانی \"حافز\"ی تاران بکەین.

یەکێک لە توێژەرانی کۆمەڵایەتی لەو پەیوەندییەدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، \"خۆکوژیی هاووڵاتییان لەبەر چاوی گشتیی خەڵک و لە شوێنە گشتییەکان، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو کەسەی هەوڵی خۆکوژی ئەدات لە کۆمەڵگە یان دەسەڵاتی دەرەوەی ماڵ نارازییە و تاک دەیهەوێ بەم شێوەیە دەنگی ناڕەزایەتیی خۆی بە ئەو لایەنە بگەیەنێت و ناڕەزایەتیی خۆی دەرببڕێ\".

ئەو توێژەرە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، خۆسووتاندنی ٣ هاوولاتیی یارسانی وەک نموونە هێنایەوە کە بەهۆی سووکایەتی پێکردنی هێــزە ئەمنیەکان بە ئایینەکەیان، لە دەرەوەی ماڵ و لەبەر چاوی خەڵک ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا.