بەردەوامیی تەقەی ڕاستەوخۆ و کرانە ئامانجی کۆڵبەران

14:54 - 19 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو کۆڵبەری کوردی خەڵکی شارەکانی سەردەشت و پیرانشار، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران کوژرا و بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی پێنجشەممە ١٧ی جۆزەردان، هێزەکانی حکوومەتی ئێران جێگیر لە پاسگای \"کەپرانـ\"ـی شاری سەردەشت، دەسڕێژیان لە ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی ئەو ناوچەیە کردووە و لە ئاکامدا یەکێک لە کۆڵبەرانی کورد بە ناوی \"ئەسکەندەر محەممەدی\" کوڕی حەمزە، گیانی لە دەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە نیزامییە حکوومەتییەکان بەبێ ئەوەی پێشتر ئەو کۆڵبەرانە ئاگادار بکەنەوە، تەقەیان لێیان کردووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، تەرمی ئەو کۆڵبەرە کوردە، بۆ پزیشکی یاساییی شاری ورمێ ڕاگوێزراوە و هەتا ئێستە تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوە.

لە لایەکی دیکەوە و لە هەمان کاتدا، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد، لە بەرزاریییەکانی \"سپیڕێز\" لە شاری پیرانشار لە شوێنێک بە ناوی \"خێوەتگە\" دەکەونە بۆسەی هێزە نیزامییەکان و لە ئەنجامی تەقە کردنی ئەو هێزانە، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"سولەیمان پوورسەعید\" کوڕی تەها خەڵکی گوندی \"گەپلەسەن\" سەر بە شاری پیرانشار بە سەختی بریندار بووە.

ئەو کۆڵبەرە کوردە بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی شاری پیرانشار کراوە.

پێشتر، حوسێن ئەحمەدی‌نیاز، پارێزەری پلەی یەکی دادگوستەری لەو پەیوەندییەدا بە ئاژانسی کوردپا ڕاگەیاند: \"کۆڵبەری نیشانەی بارودۆخی خراپی ئابووری و گەشە نەکردووی کوردستانە\".

ناوبراو هەروەها دەڵێت: \"ناوچە کوردنشینەکانی ئێران دەکرێت جەمسەرێکی چالاک لە بواری پێشکەوتوویی ئابووری و پەرەسەندنی ئاژەڵداری، گەشتیاری \"صنایع تبدیلی\" و بیاڤە بازرگانییەکان بێت، بەڵام بەداخەوە بارودۆخەکە بەپێچەوانەی ئەمە پیشان دەدات.