بەردەوامیی تەقە و دەستڕێژی هێزە نیزامییەكان بۆ سەر كۆڵبەر و كاسبكارانی ناوچەی هەورامان

18:45 - 8 سەرماوەز 2712
ئاژانسی كوردپا: لە رۆژانی رابردوودا بۆ چەندەمین جار لەلایەن هێزە نیزامییەكانی حكوومەتەوە لە ناوچەكانی هەورامان تەقە و دەستڕێژ لە كاسبكار و كۆڵبەرانی سەرسنوور كراوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، شەوی چوارشەممە رێكەوتی ٧ لەسەر ٨ی سەرماوەز هێزە نیزامییەكانی حكوومەت جێگیر لە پاسگای \"دووئاو\" سەر بەو شارەدێی نەوسوود لە شاری پاوە لە شوێنێك بەناو \"تراشەی بەلەبزان\" دەستڕێژیان لە كاسبكارانی ئەو ناوچەیە كردووە و پێشیان بە كاسبییان گرتووە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە هەواڵنێری كوردپای راگەیاند، هێزە نیزامییەكانی حكوومەت وێڕای تەقە لە كاسبكاران، دەستیان بەسەر كەلوپەل و بارەكانیاندا گرتووە و لە ئەنجامی ئەو تەقە و دەستڕێژەدا چەند ئەسپی بارهەڵگری كاسبكاران بەكوشت چوون.

لە رۆژانی رابردوودا هێزە نیزامییەكان هەر لەو ناوچەیە هێرشیان كردۆتە سەر كاسبكارانی گوندی \"نەرڤی\"ی سەر بە شاری نەوسوود و وێڕای دەستبەسەر كرانی ١٠ كاسبكار، بار و كەلوپەلەكانیشان لێ‌ زەوت كردن.