بەردەوامیی تراژیدیای خۆکوشتنی ژنان لە ناوچەی روانسەر

19:09 - 26 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: ژنێکی تەمەن ٢١ ساڵ لە ناوچەی روانسەری سەربە ئوستانی کرماشان، بەهۆی کێشەی بنەماڵەییەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی رابردوو رێکەوتی ٢٥ی رەشەمە \"فەهیمە کەریمی\" تەمەن ٢١ ساڵ، لە بەخشی شاهۆی سەربە شاری روانسەر، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو رووداوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ فەهیمە کەریمی دایکی منداڵێکی تەمەن ٣ مانگ بووە، کە بەهۆی کێشە بنەماڵەیەیوە هەوڵی خۆکوژی داوە.

هەروەها یەکێک لە چالاکانی بواری مافەکانی ژنان لە شاری روانسەر، ئاشکرای کرد: لە ساڵی ١٣٧٠ی هەتاییەوە هەتا ئێستا، ٢٥ ژن لە بەخشی شاهۆی روانسەر بەهۆکاری جۆراوجۆر کۆتاییان بە ژیانی خۆیان ‌هێناوە.

بەخشی شاهۆ لە شاری روانسەر، لە دوو گوندی قشڵاخ و مەسوور ئاخەیی پێکهاتووە، کە ئەو دوو گوندە بەپێی سەرژمێریی ساڵی ١٣٨٥ی هەتاوی، ٣ هەزار و ١٥١ کەس حەشیمەتیان هەیە.