بەردەوامیی بەتاڵان بردنی ئاسەوارە مێژووییەکانی کوردستان+وێنـە

21:20 - 27 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: قاچاخی ئاسەوارە کەوناراکانی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لەلایەن باندەکانی دزینی ئاسەوارە کەوناراکانەوە بە شێویەکی بەرچاو رووی لەزیادبوون کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەندین کەرسەی کەونارای ناوچەی شنۆ کە بەوتەی سەرچاوەیەکی خۆجێی، مێژووەکەیان بۆ \"چەندین هەزار ساڵ پێش ئێستا\" دەگەرێتەوە، لەکاتی بردنە دەرەوەی ئەو ئاسەوارانەدا لە شاری شنۆ، دەستی بەسەردا گیراوە.

ئەم ئاسەوارانە لەسەرەتای ئەم مانگەدا و لە کەسێک بە ناوی \"و . ئەلف\" زەوت کراوە و هەتا ئیستا هیچ زانیارییەک لە ژمارە و رێژەی ئەو کەرەسە مێژووییانە لەبەر دەستدا نییە.

هێندێک لەو ئاسەوارنەی کە لە دەوروبەری شاری شنۆ دزراون بەدەڵ و نرخی مێژوویی و فەرهەنگییان نییە.

جام، مۆرە، کاسە و چەند پارچە گۆزەڵەیەک کە نەخشی و نیگاری پاتشاکانیان لەسەر کێشراوەتەوە، بەشێک لەو ئاسەوارانەن کەلە نزیک شاری شنۆ دۆزراونەتەوە و دەستیان بەسەردا گیراوە.

چەند رۆژ پێش ئێستا لە پارێزگای ئازەربایجان رۆژئاوا باسی لە دۆزینەوە و دەستبەسەردا گرتنی ١٦ پارچە ئاسەواری بە نرخی مێژووی کردبوو.

مێژووی ئەو ئاسەوارە دۆزراوانە کە بریتی بوون لە پەیکەر، کەرسەتەی ئاشپەزخانە، ئەنگوستیلە، قۆری و گوڵدان، مێژووەکەیان بۆ ٢٠٠٠ ساڵ پێش لە قاجاڕییەکان دەگەڕێتەوە.

هەروەها رۆژی ٥ی سەرماوەز هەواڵدەریی مێهر لە راپۆرتێکدا باسی لە هەڵوەشانەوەی باندێکی قاچاقی ئاسەوارە مێژووییەکان لە شاری کرماشان کردبوو.

لەو راپۆرتەدا هاتبوو کە ٢ کەس دەستبەسەر کراون کە ویستوویانە ٣٢ پارچە ئاسەواری کەونارای دەورانی ماددەکان ئاودیوی دەرەوەی وڵات بکەن.

لە ماوەی چەند ساڵی رابرددا بە هۆی دۆخی نالەباری ئابووری بەشێکی بەرچاو لە خەڵک بە تایبەت لاوان روویان لە بازرگانی کردنی ئاسەوارە مێژووییەکان کردووە.

بەوتەی هاووڵاتییانی کرماشانی زۆرێک لەو ئاسەوارانەی کەئەدۆزرێنەوە لەژیر چاوەدێری باندەکانی سەربە وەزارەتی ئیتلاعات ئاودیوی سنوورەکانی ئێران دەکرێن و لە بازاڕەکانی ئورووپادا دەیانفرۆشن.
\"17470.jpg\"

\"17471.jpg\"

\"17472.jpg\"