بەردەوامیی بێبەریبوونی تەحسین دادڕەس لە مافی مەرەخەسی

17:00 - 4 بەفرانبار 2720

بەرپرسانی زیندانی مەریوان لەگەڵ هاتنە مەرەخەسیی "تەحسین دادڕەس"، زیندانیی سیاسیی کورد خەڵکی گوندی "سەردۆشـ"ـی مەریوان، دژایەتی دەکەن.

ئەو زیندانییە سیاسییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە مافی مەرەخەسی بێبەری بووە و داواکارییەکەی لەو پەیوەندییەدا، بە بەردەوامی لەلایەن  بەرپرسانی زیندانی مەریوانەوە، ڕەت دەکرێتەوە.

 ئەو زیندانییە سیاسییە ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، لە زیندانی مەریوان بۆ زیندانی سنە ڕاگوێزرا و ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی خەرمانان، دووبارە لە زیندانی سنە بۆ زیندانی مەریوان ڕاگوێزرا.

پێشتر ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە بەهۆی ئەویکە هاوکاری لەگەڵ ناوەندە حکوومەتییەکانی ڕەت کردبووەوە لەلایەن جێگری بەرپرسی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان خرابووە ژێر گوشارەوە.

بۆ چەندەمین جار بەرپرسانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان لەگەڵ هاتنە مەرەخەسیی ئەو زیندانییە کوردە، دژایەتییان کردبوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە ساڵی ٩٧ بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانیبوونەکەی ڕەوانەی زیندانی مەریوان کراوە و لەو ماوەیەدا، لە مافی مەرەخەسی وەرگرتن بێبەری بووە.

ئێوارەی پێنجشەممە، ٩ی سەرماوەزی ساڵی ٩٦، "تەحسین دادڕەس" بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش حەوتوویەک لە دەسبەسەری لە ئێدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، ڕاگوێزرابوو.

ئەو هاووڵاتییە مانگی گەلاوێژی ساڵی ٩٧، لە دادگای سەرەتایی، بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی  و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ١١ ساڵ زیندانیی تەعزیری و دواتر ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەی سنە بۆ ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری کەم کرایەوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" بێبەری کراوە.