بەردەوامیی ئاگرکەوتنەوە لە چیاکانی زاگرۆس

21:31 - 10 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: لە ٢ رووداوی ئاگرکەوتنەوەدا لە نزیک بە ١٢ دۆنم لە دارستان و لێڕەوارەکانی کوردستان لەناوە چوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی سێ‌شەممەی رابردوو یەکێک لە سەیرانگەکانیشاری نەغەدە بەهۆی ئاگرکەوتنەوە تووشی زیانێکی بەرچاو بوو.

ئاگرکەوتنەوە لە سەیرانگەی سوڵتان یەعقووب نزیک بە ١٠ دۆنم لە داری لێڕەوارەکانی ئەو ناوچەیەی لەناو برد و پاش چەند کاتژمێر ئەو ئاگرکەتنەوەیە بەهاوکاریی هاووڵاتییان و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە کۆنتڕۆڵ کرا.

هەروەها ٢ دۆنم لە دارستانەکانی \"دینار کوە\"ی شاری ئابدانان لەرووداوی ئەگرکەوتنەوەدا سووتان.

بەوتەی بەرپرسی ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانی شاری ئابدانان رایگەیاندووە لەلایەن گەشتیارانی کەمتەرخەمەوە ئاگری تێبەردراوە.

ئەو ئاگرکەتنەویەش وێرای زۆربەی ئاگرکەوتنەوەکان لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، لەلایەن هاووڵاتییانەوە کۆنتڕۆڵ کراوە.

لێڕەوارەکانی دینار کوە کەلە باشووری شاری ئابدانان هەڵکەوتووە، ٦٠ هەزار دۆنم لە رووبەری ئەو ناوچەیەی داپۆشیوە.

هەروەها رۆژی سێ‌شەممە رووبەرێکی بەرچاو لە دارستان و لەوەڕگەکانی شارەکانی مەریوان و نەوسوود لە ئاگردا سووتان.

ئاگرکەوتنەوە لە لێرەوارەکانی ناوچەی زاگرۆس لە حاڵێک دایە کە بۆ ١١ ئوستانی زاگرۆس تەنیا یەک دەزگا هیلی کۆپتێر بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ئاگرکەوتنەوەکان بوونی هەیە.