بەردەوامیی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی ناوچەی مەریوان

21:27 - 9 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: لە ٢ شوێنی ناوچەی مەریوان ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و لەوەڕگەکاندا کەوتۆتەوە و هەتا ئێستاش ئەو ئاگرکەوتنەوەیە بەردەوامە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە رێکەوتی ٩ی بانەمەڕ دارستان و لەوەڕگەکانی دەوروبەری گوندی \"نژمار\" لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە ئاگری تێبەرداو هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە ئاگرکەوتنەوەکە بەردەوامە و تەشەنە دەستێنێت.

لەلایەکی دیکەوە هەر ئێستا دارستانەکانی گوندی \"گاگر\"ی ناوچەی مەریوان ئاگریان تێبەردراوە و هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە ئەو ئاگرکەوتنەوەیە تەشەنە دەستێنێت و کۆنترۆڵ نەکراوە.

چالاکێکی ژینگە پارێزیی شاری مەریوان بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، ئاگرکەوتنەوەی گوندی نژمار هەتا ئیستا زیاتر لە ٤ هێکتاری لە دارستان و لەوەڕگەکان لە ناوبردووە و هەتا ئێستاش نەتوانراوە کۆنتڕۆڵ بکرێت.

هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەو ئاگرکەوتنەوانە دەستکردن و تەنیا لەلایەن ئەندامانی سپای پاسدارانەوە بۆ تێکدانی ژینگە و سروشتیی کوردستان ئەنجام ئەدرێت.

هەر لەو پەیوەندییەدا \"باباپیری\" بەرپرسی گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی ئوستانی کوردستان رۆژی ٢٥ی جۆزەردان بە تەلەفزیۆنی دەوڵەتیی حکوومەتیی ئێرانی راگەیاندبوو کە ٩٥%ی ئاگرکەوتنەوەکانی ئوستانی کوردستان دەستکردن.