بەردەوامیی ئاگرتێبەردرانی ژینگەی کوردستان

16:45 - 3 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: ژینگە و لەوەڕگەی چیای ئاویەر لە نزیک شاری سنە، بەدەستی کەسانێکی نەناسراو ئاگری تێبەر درا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی شایەتحاڵێک، رۆژی هەینی رێکەوتی ١ی خەرمانان لەوەڕگە و ژینگەی چیای ئاویەر لە شاری سنە لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە و بەدەستی ئەنقەست ئاگری تێبەردرا و لە ئاگردا سووتا.

بە وتەی ئەو شایەتحاڵە، پاش چەند ماوەیەکی کورت لەلایەن ژینگە پارێزانی شاری سنەوە هەوڵی کۆنترۆڵ کردنی ئەو ئاگرکەوتنەوەیە درا، بەڵام لەلایەن مەئموورانی هێـزی ئینتزامیی پاسگای \"حەسەن ئاوا\"ی ئەو شارەوە پێشیان پێ گیرا.

ئەوەش لە حاڵێک دایە کە هەتا ئێستا چەندین جار هاووڵاتییان رایانگەیاندووە، کە هێزە نیزامییەکان بە ئاشکرا و لەبەرچاوی خەڵک، ئاگر لە ژینگە و دارستانی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بەر ئەدەن.

پێشتریش هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا ئاگریان لە ٥٠٠ هێکتار دارستانی گوندەکانی \"چنارە فەقێ سێ، جانەوەرە و قوڵقوڵە\"ی شاری مەریوان بەردابوو.

بەپێی ئاماری ژینگەپاریزان و ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ١٥٨ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە دوو شاری مەریوان و سەوڵاوا تۆمار کراوە.