بەردەوامیی ئاگرتیبەردرانی دارستانەکانی مەریوان

22:42 - 5 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: بەشێکی دیکە لە دارستان و لەوەڕگەی گوندەکانی دەورووبەری مەریوان بە دەستی کەسانێکی نەناسراو ئاگری تێبەردرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ چوارشەممە رێکەوتی ٥ی پووشپەڕ بەشێکی بەرچاو لە دارستان و لەوەڕگەکانی \"ترخاناوا\" لە دەوروبەری مەریوان لە ئاگردا سووتان و پاش چەند کاتژمێر ئەو ئاگر کەوتنەوەیە لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوانەوە کۆنتڕۆڵ کرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی خۆجێی، هەر ئێستا ئاگر لە دارستانەکانی \"دۆڵەبی\" لە پشت ئاوایی \"سەردۆش\" کەوتۆتەوە و ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەو ئاگرکەوتنەوەیە بۆ گوندەکانی دیکەی ناوچەی مەریوان تەشەنە بستێنێت.

هەروەها رۆژی رابردوو رووبەرێکی بەچاو لە دارستان و لەوەڕگەکانی گوندی \"تازاوا\"ی سەربە شاری سەوڵاوا لە ئاگردا سووتان.

هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە بەردەوام رایانگەیاندووە کە ئاگر تێبەردانی دارستانەکان لەلایەن کەسانی سەربە حکوومەتەوە بەمەبەستی تێکدانی ژینگەو سروشتی کوردستان، ئەنجام ئەدرێت.

لەلایەکی دیکەوەو بەپێی ئاماری ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئیستا ٢٦ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە و سووتانی دارستان لە ناوچەکانی دوو شاری مەریوان و سەوڵاوا تۆمار کراوە.