بەردەوامی ئەستاندنی پارە و زەخت بۆ سەر قوتابییان

13:15 - 2 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی قوتابخانەی یەکێک لە گوندەکانی مەریوان بە بیانووی نەبوونی بۆدجەی پێویست، بڕێکی بەرچاو پارە لە قوتابیان وەردەگرن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەرپرسانی قوتابخانەی \"شەبانە رووزی\"ی گوندی نگڵ\"ی سەربە بەخشی کەڵاتەرزانی شاری سنە رایانگەیاندووە، بۆ دابین کردنی تێچووی کەلوپەلی پێویست بۆ راپەڕاندنی کاروباری رۆژانەی ئەو قوتابخانەیە، دەبێ هەر قوتابییەک بڕی ٢٥٠ هەزار تمەن پارە بەو قوتابخانەیە بدات.

لە درێژەی ئەو راپۆرتەی هەواڵنێری کوردپادا هاتووە، ئەم کارەی بەرپرسانی قوتابخانە نیگەرانیی لای بنەماڵەی قوتابیان دروست کردووە و هەندێک لە بنەماڵەی قوتابییان بە هۆی دەستکورتی و بێ دەرەتانییەوە توانای دانی ئەو بڕە پارەیان نییە و بەو هۆیەوە منداڵەکانیان دەست لە خوێندن هەڵدەگرن.

\"10828.jpg\"
پێشتریش بەرپرسانی قوتابخانەی \"شبانە روزی\"ی قۆناغی دواناوەندیی گوندی \"قشلاخی پرد\" لە ناوچەی سەرشیوی سەقز، زەختیان لە قوتابیانیان کردبوو کە دەبێ بڕی ٧٠٠ هەزار تمەن پارە بابەتی خواردن بەو قوتابخانەیە بدەن.

بەپێی چەندین راپۆرت کە لەماوەی ئەمساڵی خوێندندا بە ئاژانسی کوردپا گەیشتووە، پرۆسەی وەرگرتنی پارە لە قوتابخانەی ناوچە کوردنشینەکان بە شێوەی بەردەوام لە ئارادا بووە و لە هەندێک شوێن و ناوچە، قوتابییان لەبەر نەدانی ئەو پارەیە لە قوتابخانە دەرکراون یان بە ناچاری دەستیان لە خوێندن هەڵگرتووە.

توێژەران و چالاکانی فەرهەنگیی کوردستان لەو باوەڕەدان كەمتەرخەمی و كەمكارییەکانی حكوومەت لە بواری خوێندن و قوتابخانەكاندا هۆکاری سەرەکیی زۆر بوونی رێژەی نەخوێندەواری لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێرانە.