بەردەوامی دەسبەسەری و ناڕوونیی چارەنووسی هاووڵاتییەکی شنۆیی

10:22 - 5 رەزبەر 2721

لە چارەنووسی هاووڵاتییەکی شنۆیی بە ناوی "ڕەحمان ئەسەدی" کوڕی "مەحموود" و خەڵکی گوندی "ئاڵیاوێـ"ـی شاری شنۆ کە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی شاری ورمێ دەسبەسەر کراوە، هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، تەنیا جارێک پەیوەندیی تەلەفۆنیی بە بنەماڵەکەیەوە گرتووە و هەتا ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان، بێئاکام ماوەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و گرتنی پارێزەر" بێبەری کراوە.

ڕۆژی دووشەممە ١١ی گەلاوێژ، ڕەحمان ئەسەدی بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی شاری ورمێ کرابوو.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتی‌ وەپاڵدراو دژی ڕەحمان ئەسەدی، زانیارییەکی ورد بە دەست نەهاتووە.