بەردەوامی تەقە و دەستڕێژی کردن لەکۆڵبەرانی کورد

13:48 - 16 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: لەدرێژەی رەوتی تەقەکردن لەکۆڵبەرانی کورد، لەناوچە سنوورییەکانی شاری سەردەشت تەقە لە کۆڵبەرانی کورد کراوە و بەو هۆیەوە کەسێک بریندار بووە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێکەوتی ١٥ی پووشپەڕ کۆڵبەرێکی کورد بەناوی \" نەوید\" خەڵکی شاری سەردەشت لەدەورووبەری ئاوایی شەڵماشی ئەو شارە دراوەتە بەردەستڕێژی گوللەی هێزە ئینتزامییەکان و بە توندی بریندار کراوە.

بە وتەی شایەتحاڵان و کەسانی ئاگادار لەو رووداوە، ئەو کۆڵبەرە کوردە هیچ کەلوپەلێکی نایاسایی و قاچاخی پێ نەبووە.

لەو بارەیەوە کەمپەینی بەرگریی لەزیندانیانی سیاسی و مەدەنیش بڵاوی کردبوویەوە، کە کاتی تەقەکردن لەو کۆڵبەرە کوردە خەڵکی ئاوایی شەڵماش و دەورووبەری بەرەوڕووی هێزە ئینتزامییەکان بوونەتەوە.

کۆڵبەرانی کورد لەسەر سنوورەکانی کوردستان سەرقاڵی کارکردنن و بە کۆڵی خۆیان کەرەسەی بەرقی و جوانکاریی (بە کرێ) لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ خاکی کوردستانی ئێران دەگوازنەوە و لەهەمبەر ئەو کارەشدا پارەیەکی زۆر کەم وەردەگرن.

کۆڵبەران بە بەردەوامی وتوویانە کە ئەو بارەی هەڵێدەگرن لە زۆر حاڵەتدا قورسایەکەی لەکێشی خۆیان زیاترە و باسیان لەوەش کردوە، \" بەدڵنیاییەوە ئەگەر کارێکی شیاوترییان دەست بکەوێت واز لە کۆڵبەری دێنن\".

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە سەرەتای ساڵەوە هەتا ئێستا ١٠ کۆڵبەری کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران کوژراون و ١١ دیکەش بریندار کراون.