بەردەوامبوونی دەسبەسەری و ناڕوونیی چارەنووسی لوقمان قادری لە زیندانی ورمێ

13:06 - 4 گەلاوێژ 2722

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "لوقمان قادری" کوڕی عەزیز خەڵکی پەسوێ و دانیشتووی شاری پیرانشار، لە دەسبەسەریدایە و چارەنووسی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ، نادیارە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ پاش تەواوبوونی ماوەی لێپێچینەوەکەی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە، ڕاگوێزراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: ئەو هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، بێبەری کرابوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بە "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" تۆمەتبار کردبوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠٠، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی "لوقمان قادری"یان لە جادە پیرانشار- پەسوێ" دەسبەسەر کردبوو.