بەردەامی پارە وەرگرتنی زۆرەملی لە قوتابیانی کوردستان

20:46 - 26 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکانی شاری بۆکان داوایان لە هەر قوتابییەک کردووە بڕی ١٠٠ هەزار تمەن پارە بۆ قوتابخانە بێنن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکانی شاری بۆکان بۆ دەستپێکردنی وەرزی نوێی خوێندن بنەماڵەی قوتابیانیان ناچار کردووە بەبڕی ١٠٠ هەزار تمەن پارە بە قۆتابخانە بدەن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بڕی پارەی داوکراو لە بنەماڵەی قوتابیان لە ڕیگای بانگی میللیەوە لە حەسێبێکی دیاریکراوی دەخەن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، بەڕێوەبەرانی قوتابخانەی شاری بۆکان هۆکاری داوا کردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ دابین کردنی ئیمکاناتی پێویست بۆ خوێندنی قوتابیان لە قوتابخانەکان ڕاگەیاندووە.

ئەم هەوڵەی بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکانی شاری بۆکان شەپۆلێک لە ناڕەزایەتی بنەماڵەکانی قوتابیانی بەدواوە بوو.

وەرزارەتی پەروەردە و بارهێنان هەر ساڵ بە دەرکردنی بەخشنامەیەک، هەرجۆرە وەرگرتنی پارەیەک قەدەغە دەکەن. بەڵام بەڕێوەبەرانی قوتابخانە دەوڵەتییەکان سەرەڕای ئەو بەخشنامەی وەزارەتی پەروەدەو بارهێنان لە ژێر ناوی جۆراوجۆر داوای پارە لە قوتابیان و بنەماڵەکانیان دەکەن.

هەر ساڵ لە وەرزی نوێی خوێندن و لە کاتی ناونووس کردنی قوتابییەکان و پێڕاگەیاندنی دەرئەنجامی کۆتایی خوێندنی قوتابیان، بڕە پارەیەک لە قوتابیان وەردەگرن، کە ئەمجۆرە هەوڵانە لە ناوچەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات خەریکە گشتگیر دەبێت.

هەروەها، بەرپرسانی قوتابخانەکان بۆ وەرگرتنی پارەی نەختی لە قوتابیان، هەڕەشەیان لەو قوتابیانە کردەوە کە: لە کاتی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵدا، لە نمرەکانیان کەم دەکەنەوە و تەنانەت لە قوتابخانەیش دەریان دەکەن.

ئەم هەواڵانە لە کاتێکدا بڵاو دەبنەوە، کە بەپێی ئەسڵی ٣٠ لە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەوڵەت ئەرکدارە کە هەموو پێداویستییەکانی خوێندن بۆ هەموو خەڵکی ئێران بەبێ جیاوازی دابین بکات و پڕۆسەی خوێندن دەبێ بە بەلاش و بە بێ وەرگرتنی پارە بێت.

بەوتەی چالاکانی فەرهەنگی، وتنەوەی بەردەوامی ئەو ڕستەیەی کە \"وەرگرتنی پارە لە قوتابیان نایاساییە\" لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە، وەکوو دروشمی لێهاتووە و وای کردووە کە لە نێوان بنەماڵەکان و لێپرسراوانی قوتابخانەکاندا کێشە و ئاڵۆزی دروست ببێ‌، ئەو چالاکانە لەو باوەڕەدان، پێویستە وەزارەتی پەروەردە بۆ خۆی سزای ئەو کەسانە بدات کە بە زۆرەملی پارە لەقوتابیان دەستێنن.