بەربوونەوە لە شاخ گیانی کۆڵبەرێکی ئەستاند

14:28 - 17 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری کامیاران، بە هۆی بەربوونەوە لە یەکێک لە شاخەکانی ئەو شارە گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو ١٦ی بانەمەڕ، بە هۆی بەربوونەوە لە شاخی \"سۆنیـ\"ـی لە ناوچەی پاوە، کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری کامیاران گیانی لە دەست دا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری پاوە، شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردەی بە ناوی \"محەممەد ڕەحمانی\" ٣٤ ساله خەڵکی گوندی \"لۆنـ\"ـی شاری کامیاران، ڕاگەیەندووە.

لە لایەکی دیکە، دوو شەوی پێش، لە ئەنجامی ڕاودوونان و تەقە لە لایەن هێزە نیزامییەکان، کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری پیرانشار بە ناوی \"ڕەحمان تەفاخر\" تەمەن ٤٥ ساڵ، بە تەقەی هێزە نیزامییەکان و بەربوونەوە لە شاخی \"کانی خوا\"ی ئەو شارە بریندار بووە.

دەوڵەتی ڕۆحانی چەند جار باسی لە ڕێکخستنی کۆڵبەران و لابردنی کێشەکانی ئەوان کردووە و هەتا ئێستا لەو ڕاستایەدا هیچ هەوڵێکی جیددی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە نەدراوە.

کۆڵی ئەو کۆڵبەرانە شتومەک و کەرەستەی بازرگانی شارە گەورەکانی ئێرانە، کە لە دەرەوەی یاسای گومرۆکەوە جێبەجێ دەکرێت.

بە وتەی ڕەسووڵ خزری، نوێنەری شارەکانی پیرانشار و سەردەشت لە مەجلیسی ئێران، ٦٨ هەزار کۆڵبەر لە پارێزگا سنوورییەکان، خەریکی کاری کۆڵبەرین و لەو نێوانەدا ١٦ هەتا ١٨ هەزار کەسیان لە شارەکانی پیرانشار و سەردەشت بەو کارە خەریکن.