بەربوونەوە لە بەرزایی گیانی کۆڵبەرێکی پاوەیی ئەستاند

03:53 - 19 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی شاری پاوە، بە هۆی کەوتنە خوارەوە لە بەرزایی گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ هەینی ١٨ی جۆزەردان، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"سەبوور قادری\"، کوڕی حوسێن تەمەن ٤٧ ساڵ، خەڵکی گوندی \"نەجاڕ\" سەر بە شاری پاوە، بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی گیانی لە دەست دا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی جۆزەردان، تووشی ئەو ڕووداوە بووە و بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی \"تاڵەقانی \"ـی شاری کرماشان کرابوو، کە دواتر بە هۆی بەرکەوتنی زەربەری مێشکی لە ئەنجامی بەربوونەوە لە بەرزایی، گیانی لە دەست دا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە لە ترسی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، ڕێگای هەڵەمووتی بۆ کۆڵبەری هەڵبژاردبوو، کە دواتر تووشی ئەو ڕووداوە دەىێت.

دەوڵەتی ڕۆحانی چەندین جار باسی لە ڕێکخستنی کۆڵبەران و چارەسەرکردنی کێشەکانی سەر ڕێگای کۆڵبەران لە سنوورکان کردبوو، بەڵام لەو ڕاستایەدا هەتا ئیستا هەنگاوێکی بە کردەیی ئەنجام نەداوە.