بەربوونەوە لە بەرزایی، گیانی کرێکارێکی ئەستاند

20:46 - 29 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کورد خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری بانە، بە هۆی ڕووداوی کار، گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٩ی جۆزەردان، کرێکارێکی کورد خەڵکی گوندی \"بڵەسەن\"ی شاری بانە، لە کاتی کار کردن، بە هۆی بەربوونەوە لە بینایەکی ٧ نهۆمی گیانی لە دەست دا.

شوناسی ئەو کرێکارە کوردە \"مێهدی کەریم‌پووری\" دانیشتووی گوندی بڵەسەن ڕاگەیاندراوە.

ئەو ڕووداوە لە گەڕەکی \"خانەی موعلم‌\"ی شاری بانە رووی داوە و ئەو کرێکارە کوردە بە هۆی سەختیی برینەکەیەوە، پێش لە ڕەوانەکردنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لە دەست داوە.

چالاکانی کرێکاری لە ئێران بە بەردەوامی ڕەخنەیان لە بارودۆخی خراپی دڵنیایی کار لە ئێران گرتووە و ئەم ڕەخنانەش لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، زیادی کردووە.

گیان لە دەستدانی بێ‌دەنگی کرێکاران دەستەواژەیەکە، کە لە نێوان چالاکانی مەدەنیی لە پەیوەندیی لەگەڵ مردنی سەدان کرێکار لە ساڵدا، کە تووشی ڕووداوی کار دەبەن، بە کار دەبرێت.