بەربوونەوە لە بەرزایی گیانی کرێکارێکی کوردی ئەستاند

16:21 - 22 خەرمانان 2715
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کوردی خەڵکی شاری سەقز لە کاتی کارکردندا لە سەر بینایەکی چەند قات بەربووەتەوە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەست داوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەشاری سەقز کرێکاریک بە ناوی رەشید مورادنیا تەمەن ٣٢ ساڵ بە هۆی رووداوی کارەوە کۆتایی بە ژیانی هاتووە.

دەوترێت کە ئەو هاووڵاتیە کوردە لە کاتی کارکردندا تەزووی کارەبا بەر دەستی کەوتووە و بە هۆیەوە کۆنترۆڵی لەدەست داوە و لە قاتی سێیەمی بینایەکەوە کەوتووەتە خوار.

بە وتەی شایەتحاڵان رەشید مورادنیا کە خاوەنی ژن و منداڵیش بووە پاش گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە بە هۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەست داوە.

ساڵانە رێژەیەکی بەرچاو لە کرێکارانی کورد بەهۆی کەمتەرخەمیی خاوەنکار و نەبوونی ئەمنیەت لە شوێنی کارەکەیان دەبنە قوربانی.

لەوڵاتی ئێران گیان لەدەست دانی كرێكاران لەكاتی كار و بەهۆی بەربوونەوە لەبەرزایی زۆرترێن حاڵەتەكانی گیان لەدەست دانی کرێکاران لەخۆ دەگرێت و چالاكانی كرێكاری لەو باوەڕەدان نەبوونی ئیمەنی كار و گوێ‌نەدانی خاوەنكارەكان ئەو رووداوانە دەخولقێنێ‌

بەپێی ئامار و داتای هەواڵدەرییە ناوخۆییەكانی ئێران، رۆژانە بەشێوەی نێونجی پێنج كرێكار بە هۆی رووداوی كارەوە گیانیان لەدەست دەدەن.