بەربوونەوە لە بەرزایی برینداربوونی کرێکارێکی لێکەوتەوە

12:26 - 7 پووشپەڕ 2720

ڕۆژی هەینی ٦ی پووشپەڕ، کرێکارێکی بیناسازی بە ناوی "فەرهاد شاپەری" خەڵکی گوندی "ژنێن" سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، لە کاتی کارکردندا تووشی ڕووداوی کار بوو.

ئەو کرێکارە کوردە، لە بینایەکی چەند نهۆمی خەریکی کارکردن بوو کە بەهۆی لەڕچاونەکردنی ئیمەنیی کار بەر بووەوە و بەسەختی بریندار بووە.

"فەرهاد شاپەری" پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی سنە، بارودۆخی زۆر نالەبارە ڕاگەیەندراوە و هەنووکە لە بێهۆشیدایە.

"حامید نائیجی"، بەڕێوەبەڕی پێوەندییە گشتییەکان و کاروباری نێونەتەوەیی ڕێکخراوی پزیشکی یاسایی لە ئێران، وتوویەتی: "بەربوونەوە لە بەرزایی گرینگترین هۆکاری گیانلەدەستدانی کرێکاران دێتە ئەژمار و لە ماوەی ٩ مانگی یەکەمی ساڵی ٩٨، ٥٦٠ کرێکار گیانیان لەدەست داوە کە هەموویان پیاو بوون".