بەجێمانی کەرەسەی نەشتەرگەریی لەسکی ژنێکی کرماشانی و دەرهێنانی دوای سێ‌مانگ

16:24 - 9 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: ژنێکی کرماشانی دوای کێشانی سێ‌مانگ ئازاری شوێنی نەشتەرگەرییەکەی، دەرکەوتووە کە \"باند استریل\" بەهۆی هەڵەی پزیشکییەوە لەناو سکیدا بەجێ‌ماوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژنێکی کرماشانی دوای ئازاری زۆر و ئەنجامدانی چەندین تاقی کردنەوەی پزیشکی، سەرەنجام دەرکەوتووە کە لەکاتی نەشتەرگەریی دووگیانیدا، باندێکی ئیستریل لەلای چەپی سکیدا بەجێ‌ماوە.

یەکێک لەنزیکانی ئەو خانمە کرماشانییە بە هەواڵنێری کوردپای وتووە، \" ئەو هەڵە پزیشکییە وای کردووە کە جەستەی ئەو ژنە تووشی هەوکردن (عفونت) بێت.

ئەو هاووڵاتییە کرماشانیە دوای نەشتەرگەرییەکەی بە بەردەوامی سەردانی ناوەندە پزیشکییەکانی کردووە، بەڵام پزیشکەکەکان ئازارەکان گەڕاندبوویەوە بۆ هەوکردنی گورچیلەکانی.

ئەو ژنە ناوی \"ش. د\" و تەمەنی ٣٦ ساڵە و دوای تێپەڕینی ١٥ رۆژ لە نەشتەرگەرییەکەی، هەستی بە ئازاری بەردەوام لەلای چەپی سکیدا کردبوو.

ئەو نەشتەرگەرییە لەنەخۆشخانەی \"بێستوون\"ی کرماشان ئەنجام دراوە، ئەوەش لەحاڵێک دایە کە بە وتەی هاووڵاتییانی ئەو شارە لە نەخۆشخانە بەناوبانگەکانی کرماشان دێتە ئەژمار.

ئەو ژنە کرماشانییە بەهۆی هەوکردنی جەستەیەوە بۆ ماوەی سێ‌مانگ لەژێر چاوەدێری پزیشکیدا بووە.