بەبێ یارمەتیی دەوڵەت، بینایی بۆ چاوەکانی شۆخان گەڕایەوە+وێنــه

16:20 - 4 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی كوردپا: نەشتەرگەری چاوی كچێكی تەمەن شەش ساڵە، كە دوو ساڵ لەمەوبەر بەهۆی هەڵەی پزیشكییەوە لە نەخۆشخانەی دیواندەڕە بینایی لەدەست دابوو، جارێكی دیكە هیوا و ئومێدی خستە ناو دڵی بنەماڵەی شۆخانەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا: تیمێكی پزیشكی نەشتەرگەریی چاو لە نەخۆشخانەی \"نوور\"‌ی تاران بە سەرپەرەستیی وەزیری بێهداشت و دەرمان دووەمین نەشتەرگەری لە سەر خانەكانی چاوی( شۆخان براخاسی) ئەنجام دا.

سەید حەسەن هاشمی وێڕای سەركەوتوو بوونی ئەو نەشتەرگەرییە بە هەواڵدەریی تەسنیمی گوتووە، لە حاڵی حازردا هەر دوو چاوی شۆخان دوای دوو نەشتەرگەری، ئەنجامی باشی هەبووەو ئێستا ئەو منداڵە دەتوانێ‌دەورووبەری خۆی ببینێ‌و رەنگەكانیش لێك جیا بكاتەوە.

یەكەمین نەشتەرگەریی چاوەكانی شۆخان لە مانگی خاكەلێوەی ئەمساڵدا ئەنجام درا.

هەر چەندە بەوتەی وەزیری بێهداشت، ئاكامی دڵخوازی ئەو نەشتەرگەریانە هەتا شەش مانگی دیكە خۆی دەردەخات، بەڵام شۆخان هەر ئێستاش دەتوانێ‌ببینێ‌و رەنگەكان بناسێت.

پێشتر ئەو كچە تەمەن ٦ ساڵایە، دوو جار لە نەخۆشخانەی فارابیی تاران خرایە ژێر تیغی نەشتەرگەرییەوە، بەڵام بینایی بۆ چاوەكانی نەگەڕایەوە.

عەباس براخاسی، باوكی شۆخان وێڕای دەربڕینی رێز و وەفاداری بۆ دوكتور هاشمی، داووای لەوەزارەتی پەروەردە و فێركردنیش كردووە، كارەكانی پێویست بۆ درێژە دان بە خوێندنی كچەكەی ئەنجام بدەن.

هەر لەو پێوەندییەدا حوسێن ئەحمەدی نیاز، پارێزەری بنەماڵەی شۆخان وتوویەتی: بەداخەوە دەوڵەتی \"تەدبیر و ئومید\" و ناوەندەكانی دەوڵەتی تەنانەت یەك تەمەنیشیان یارمەتیی ئەو بنەماڵەیە نەكرد و بنەماڵەی شۆخان ماوەی پێنج مانگە دەستیان لەهەموو كارێك هەڵگرتووە.

شۆخان براخاسی خەڵكی ئاوایی \" كەڵكەڵە\"‌ی دیواندەڕەیە و دوو ساڵ لەمەوبەر بە هۆی نەخۆشییەوە سەردانی نەخۆشخانەی \"خومەینی\"ی دیواندەڕەی كرد و بەهۆی لێدانی دەرزیی \" پنی سیلین\" بینای چاوەکانی لەدەست دا.

دكتور عەلیڕەزا زالی بەر پرسی رێكخراوی نیزام پزیشكی، رایگەیاندبوو:\" هێشتا لە وڵاتی ئێراندا نیزامێكی راستەقینە و یاسای لە هەڵەی پزیشكیدا بوونی نییە و ئەو هەڵانە لە نێو منداڵان و بەسالاچوواندا زیاترە\".

وێنــه: سیامەک ئیبراهیمی

\"21162.jpg\"

\"21163.jpg\"

\"21164.jpg\"

\"21165.jpg\"

\"21166.jpg\"

\"21167.jpg\"