بە چالاکیی شاخەوانی و فرۆشتنی گوڵ، یارمەتی بۆ ئاوارەکانی شنگال کۆدەکرێتەوە

21:49 - 2 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: شاخەوانانی نەغەدەیی بە چالاکییەکی شاخەوانی بۆ سەر چیای \"باوەسەن\"، پشتیوانیی خۆیان لە ئاوارە و لێقەوماوانی شنگال و بەتایبەت منداڵانی کوردی ئیزەدی دەربڕی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، گروپی شاخەوانیی \"سامڕەند\" لە شاری نەغەدە بە سەرکەوتن بەسەر چیای (باوەسن) و کۆکردنەوەی یارمەتیی، پشتیوانییان لە خەڵکی لێقەوماوی شنگال کرد.

ئەو چالاکییە شاخەوانییە کە رۆژی هەینی رێکەوتی ٣١ی گەلاوێژ لە پارکی محەمەد هەورازەوە دەستی پێکرد، خاتوو سەیران محەمەدی سەرپەرستیی ئەو تیمە شاخەوانییەی لە ئەستۆ بوو.

تیمی شاخەوانیی سامڕەندی نەغەدە لەم چالاکییەدا، کۆمەڵێک دروشمیان بە ناوەرۆکی پشتیوانی لە لێقەوماوانی شنگال و بەتایبەت منداڵانی کوردی ئیزەدییان لەسەر پلاکارد نووسیبوو.

دەگوترێت، هەنووکە لە پارکی محەمەد هەوراز و مزگەوتی سوننییەکانی شاری نەغەدە یارمەتییەکانی وەکوو پارە و کەلوپەل بۆ لێقەوماوانی کوردی ئیزەدیی شنگال کۆدەکرێتەوە.

پێشتر ئەمین پارسا سەرپەرستی تیمی شاخەوانیی سامڕەندی نەغەدە لە لێدوانێکدا بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاندبوو؛ بە دڵنیاییەوە ئەو پارەیە دەگاتە دەستی لێقەوماوان و ئاوارەبوانی خەڵکی شەنگال لە هەرێمی کوردستان و پارە نەختییەکە دەخرێتە حیسابی بانکیی مانگی سوور، کە تایبەت بۆ لێقەوماوانی شەنگال تەرخان کراوە.

لەلایەکی دیکەوەو لە شاری مەهاباد، لاوانی ئەو شارە بە فرۆشتنی گوڵ بە رێبواران و شۆفیری ماشێنەکان، یارمەتیی بۆ ئاوارە و لێقەوماوانی شنگال کۆ دەکەنەوە.

بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، لە رۆژی یەکشەممەی رابردوویەوە هەتا رۆژی هەینی رێکەوتی ٣١ی گەلاوێژ، تەنیا لە شوێنەکانی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ لێقەوماوانی شەنگال لە ناو شاری مەهاباد، ١٥٠ ملوێن تمەن پارە کۆکراوەتەوە.
\"21723.jpg\"

\"21725.jpg\"

\"21734.jpg\"

\"21724.jpg\"

\"21726.jpg\"

\"21727.jpg\"

\"21728.jpg\"

\"21729.jpg\"

\"21730.jpg\"

\"21732.jpg\"

\"21731.jpg\"