بە هەوڵی شەهرام نازری، ٧٨ ملوێن تمەن بۆ نەخۆشەکانی گوندی (بەسرێ)ی مەهاباد کۆکرایەوە

20:12 - 26 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: کۆمەڵێک سینەماکار بە هەواڵی شەهرام نازری، هونەرمەندی ناسراوی کورد، یارمەتیی ماڵییان بۆ نەخۆشەکانی گوندی (بەسرێ)ی مەهاباد کۆکردەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژمارەیەک لە هونەرمەندان و نووسەرانی خاوەن ئەزموون، بە مەبەستی یارمەتیدانی نەخۆشەکانی گوندی بەسرێی مەهاباد، کە تووشی نەخۆشیی گولی بوون، لە دەفتەری رۆژنامەی \"شەرق\" لە تاران، کۆبوونەوە.

لەو یارمەتییە مرۆڤدۆستانەدا کە بەهەوڵ و لەسەر داوای شەهرام نازری هونەرمەندی ناسراوی کورد کۆ کرابوویەوە، تیایدا چەندین ئەکتەری ناسراوی سینەما و هونەرمەندی گۆرانیبێژ، هاوڕێ لەگەڵ بەرپرسانی رۆژنامەی شەرق کۆ ببوونەوە.

شەهرام نازری لەو کۆبوونەوەیەدا باسی لەوە کردبوو، لە گوندێکی سەربە شاری مەهاباد ١١٣ هاووڵاتیی کوردی تووشبوو بە نەخۆشیی \"گول\"ی دەژین و لە زۆربەی خزمەتگوزارییەکان دەوڵەت بێبەرین.

ئەو هونەرمەندە کوردە ئاماژەی بەوەش کردووە، خەڵکی ئەو ناوچەیە، هیچ ئاوڕێک لە نەخۆشەکانی ئەو گوندە نادەنەوەو لە ئەگەری بەردەوامبوونی کێشەکان و نەبوونی بێهداشت، دۆخی نەخۆشەکان بەرەو خراپتر بوون دەچێت.

شەهرام نازری گوتووشیەتی: \"خەڵکی کوردستان و نەخۆشەکانی گوندی بەسرێ، ستەمێکی زۆریان لێ دەکرێت، چونکە دەوڵەت بەو شێوەیەی کە پێویستە ئاوڕی لەو ئوستانە نەداوەتەوە.

\"22129.jpg\"
کۆنسێرتی زستانی ساڵی رابردووی شەهرام نازری بۆ نەخۆشەکانی گوندی بەسرێی مەهاباد
ناسر مەلەک موتیعی، کە بەگوتەی خۆی \"لە ماوەی ٣٥ ساڵی رابردوودا بێدەنگیی هەڵبژاردووە\". یەکێکی دیکە لە خێرخوازانی بەشدار لەو یارمەتیدانە بە نەخۆشەکانی گوندی بەسرێ بووەو، کە باسی لە ئۆگری و حەزی خۆی بۆ \"درێژەدان بە یارمەتی دانی خەڵک\" کردووە.

لە درێژەدا محەمەد موعتەمیدی (هونەرمەندی لاوی گۆرانیبێژ)یش لەگەڵ ئەویەکە هیچکات شاگردی مامۆستا شەهرام نازری نەبووە، ئەو دانیشتنەی وەکوو یەکەمین دانیشتن لە مەکتەبی مامۆستا شەهرام نازریدا لە قەڵەم داوەو رایگەیاندووە؛ \"مامۆستا شەهرام نازری کەسایەتییەکی دڵفراوان و دڵ ئاوەڵایە و من لەم دانیشتنەدا وەکوو یەکەمین وانەی ئینسانییەت و مەزنایەتی لێکی ئەدەمەوە، کە لە مامۆستا شەهرام نازری فێری بووم\".

لە کۆتایی ئەو دانیشتنەدا، هەرکام لە بەشداربوان بە مەبەستی یارمەتیدان بە نەخۆشەکانی گوندی بەسرێی سەربە شاری مەهاباد، بڕە پارەیەکیان پێشکەش بەو نەخۆشانە کردووە، کە بە گشتی ٧٨ ملوێن تمەن پارەی نەخت کۆکراوەتەوە.

کانوونی مۆسیقای ئێران، ناوی خێرخوازەکانی ئەو دانیشتنەی دەفتەری رۆژنامەی شەرقی لە تاران، شەهرام نازری، ناسر مەلەک موتیعی، نادر مشایخی، محەمەدی موعتەمدی، شاهرۆخ تویسرکانی، ماجید پازووکی، حەبیب مەعسوومی و محەمەد میرعەبدولباقی، راگەیاندووە.

شەهرام نازری پێشتریش دوابەدوای رووداوی قوتابخانەی شیناوێی پیرانشار، کە سووتانی چەند کچە قوتابییەکی لێ کەوتبوویەوە، کۆنسێرتێکی لە تاران بەڕێوە برد و داهاتەکەشی بۆ یارمەتیی ئەو کچە قوتابییانە تەرخان کرد.