بە هۆی گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکان دایکی چالاکێکی ژینگەپارێزی گیان لە دەسدا

14:37 - 2 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: دایکی چالاکێکی ژینگەپارێزی شاری سنە بە هۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە، بە هۆی جەڵتەی دڵ گیانی لە دەستدا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ١ی سەرماوەز، \"نەهیە وەکیلی\"، دایكی چالاکێکی ژینگەپاریزی، کە هەنووکە لە زیندانی ئیتلاعاتی شاری سنە دایە، بە هۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی، بە هۆی جەڵتەی دڵەوە، گیانی لە دەسدا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو ژنە هاووڵاتییە کوردە بە هۆی هێرش بۆ سەر ماڵی ناوبراو لە گوندی \"حەسەن ئاوا\"ی شاری سنە، پاش یەک مانگ لە خەواندن لە نەخۆشخانەی شاری سنە، ڕۆژی ڕابردوو، گیانی لە دەست دا.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوشی خستەڕوو، وریا خەوسرەوی ماوەی یەک مانگە لە زیندانی ئیتلاعاتی شاری سنە دایە، هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ناوەندە ئەمنییەتییەکان ئیزنی بەشداریان لە ڕێورەسی سەرەخۆشی دایکیبەو چالاکە ژینگەپارێزیە نەداوە.

پێشتر، وریا خوسرەوی چالاکی ژینگەپارێزی، ساڵی ٩٠ هەتاوی، بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران و تاوانبار کردنی ناوبراو بە دانانی \"بومب\" لە ڕێگای \"کاروان راهیان نور\" لە بێلواری کوردستان و شەقامی ناسر خوسرەوی شاری سنە بە \"محاربە\"، مەحکووم و حوکمی ئێعدامی بە سەردا سەپا.

بە هەوڵی چالاکانی مافی مرۆڤ و پارێزەرەکەی حوکمی ئێعدامی ئەو چالاکە ژینگەپارێزیە لە ئێعدامەوە بۆ چوار ساڵ زیندانی گۆڕدرا.

دەوترێ، لە کاتی خومپارەباران کردنی گوندی \"حەسەن ئاوا\"ی شاری سنە لە دەیەی حەفتاکاندا، برایەکی ئەو هاووڵاتییە کوردە، بە هۆی بەرکەوتنی پڵاشە خومپارەیەک گیانی لە دەسدا بوو.