بە هۆی کەمتەرخەمیی پزیشکی، لاوێکی سنەیی گیانی لەدەست دا

15:51 - 11 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کوردی خەڵکی شاری سنە، بە هۆی هەڵەی پزیشکی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەو شارەدا، گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، ڕۆژی هەینی، ١٠ی جۆزەردان، لاوێکی کورد بە ناوی \"نیما ئازاد خا\"، تەمەن ١٧ ساڵ، کوڕی تایەر، بە هۆی هەڵەی پزیشکی لە نەخۆشخانەی تەئمینی ئیجتماعیی شاری سنە، گیانی لەدەست دا.

ئەو لاوە کوردە، ڕۆژی دووشەممە، ٦ی جۆزەردان، بە هۆی تووشبوون بە \"ئاپاندیس\"، لە یەکێک لە مزگەوتەکانی شاری سنەدا بێهۆش دەبێت و دواتر بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی تەئمینی ئیجتماعیی شاری سنە، دەکرێت.

\"نیما ئازادخا\"، بۆ نەشتەرگەریی \"ئامپاندیس\"، ڕەوانەی ژووری نەشتەرگەری دەکرێت و دواتر بە لێدانی دەرزیی بێهۆشی، تووشی جەڵتەی دڵ دەبێت و پاش سێ ڕۆژ مانەوە لە بەشی چاوەدێریی تایبەتی نەخۆشخانەدا، گیانی لەدەست دەدات.

خاوەنڕایان، نەبوونی کادری شارەزا و پسپۆڕی پزیشکی و دەرمانی و زیادبوونی ژمارەی نەخۆشەکان، بە هۆکارەکانی زیادبوونی هەڵەی پزیشکی لەقەڵەم دەدەن.

بەپێی یاسا، ئەگەر کەمتەرخەمیی دوکتور ببێتە هۆی زیانی گیانی بۆ نەخۆش، ئەو دوکتورە دەبێت دیەکەی بدات.

زۆربەی هەڵە و کەمتەرخەمییەکانی پزیشکی ڕاناگەیەندرێت، بەو هۆیەشەوە لەسەر پرسی هەڵەی پزیشکی، ئامارێکی دروست لەبەردەستدا نییە. بەڵام بەپێی ئاماری فەرمی، ساڵانە نزیکەی ١٢ هەتا ١٣ هەزار دۆسیەی پەیوەندییدار بە هەڵەی پزیشکی لە ئێراندا تۆمار دەکرێت.