بە هۆی ڕۆژوونەگرتنەوە، ٤١٢ هاووڵاتی لە شاری \"کرماشان\"دا دەسبەسەر کراون

15:12 - 2 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: جێگری کۆمەڵایەتیی هێزە ئینتزامییەکانی پارێزگای کرماشان، باسی لە دەسبەسەرکردنی ٤١٢ کەس بە هۆی ڕۆژوونەگرتنەوە لەو پارێزگایەدا کرد.

\"محەمەدڕەزا ئاموویی\" ڕایگەیاند: \"لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا، بە هۆی ڕۆژوونەگرتنی هاووڵاتییان لەو پارێزگایەدا، ٤١٢ کەس دەسبەسەر کراون.\"

جێگری کۆمەڵایەتیی هێزە نیزامییەکانی پارێزگای کرماشان، ڕایگەیاند: \"لە کۆی ٤١٢ کەس، بۆ ١٧٠ کەسیان دۆسیەی قەزایی دروست کراوە و هەروەها ١٥٤ کەسی دیکە، بە دەزگای قەزایی ناسێندراون.\"

بەپێی وتەکانی ئەو بەرپرسە نیزامییە، هوشداری بە ٥٦٩ کەس لە شۆفیرەکانی نێو شار دراوە کە تەزاهوریان بە ڕۆژووگرتن کردووە، بەڵام لە شوێنە گشتییەکاندا شتیان خواردووە.\"

بە وتەی \"محەمەدڕەزا ئاموویی\"، ماشینی ٤٩ کەس لەو شۆفیرانە، کە سەرپێچییان لە هوشدارەکان کردووە، ڕاگیراون.

بە وتەی چالاکانی مافی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژووگرتنی زۆرەملی بە هاووڵاتییانی کورد لە شوێنە گشتییەکاندا، بەربەستی ئازادییە تاکەکەسییەکانە و جۆرێک لە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ بە ئەژمار دێت.