بە هۆی نەبوونی هەلی کار، هاووڵاتییان ڕوو لە دیاردەی قیزەونی دزی دەکەن

14:59 - 18 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی نەبوونی کار و نەڕەخساندنی هەلی کار لە لایەن بەرپرسانی حکوومەتیی ئێرانەوە، هاووڵاتییانی کوردستانی ئێران لە شارکانی دیکە، ڕوویان لە دزیکردن کردووە.

فەرماندە هێزە ئینتزامییەکانی شاری ورمێ لەو بارەوە ڕایگەیاند: لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، ژمارەیەک لە هاووڵاتییان بە هۆی بەتاڵانبردنی کەلوپەلی ناو ماڵ لە لایەن چەند کەسێکەوە، سکاڵایان پێشکەشی یەکێک لە کڵانتەرییەکانی ئەو شارە کردووە.

بە وتەی حوسێن سەمدپوور، لە ئەنجامی بەدواداچوونی مەئموورانی هێزە ئینتزامییەکان، ٧ کەس لە هاووڵاتییانی شارەکانی دیکە کوردستانی ئێران، لە شاری ورمێ دەسبەسەر کراون و دانیان بە کردەوەکانی خۆیاندا ناوە.

فەرماندەی هێزە ئینتزامییەکانی شاری ورمێ، هەرچەندە ئاماژەی بە شوناسی و ناوی شارەکان نەکردووە، ڕایگەیاند: ئەو ٧ هاووڵاتییە دەسبەسەرکراوە، لە شارەکانی دیکەی دەرەوەی شاری ورمێ بوون و لە چوارچێوەی دوو باندی ٣ کەسی و ٤ کەسی خەریکی دزیکردن بوون.

بە وتەی حوسێن سەمدپوور، ئەو ٧ کەسە لە کاتی لێکۆڵینەوەدا، دانیان بە ٢٧ دزیی لەو شارەدا ناوە.

سەرەڕای ناشیرینی و قیزەونیی دیاردەی “دزیکردن”، بەڵام بە هۆی بێکاری و هەژاری کە دەرئەنجامی سیاسەتی ئابووریی هەڵەی دەوڵەتە یەک لەدوای یەکەکانی ئێرانە، کۆمەڵێک دیاردەی دزێوی وەکوو دزیکردن و تاوانە قورسەکان و گیرۆدەبوون بە ماددەی هۆشبەر و…هتد، لە کۆمەڵگای ئێران بەگشتی و لە کوردستان بەتایبەتی پەرەیان سەندووە.