بە هۆی مەشرووبەوە، هاووڵاتییەک گیانی لەدەست دا و٦ کەس ژەهراوی بوون

14:50 - 26 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی خواردنەوەی مەشرووبی ژەهراوی، هاووڵاتییەک لە شاری ئیلام گیانی لەدەست دا و ٦ کەسی دیکە ژەهراوی بوون.

بەپێی ماڵپەڕەکانی شاری ئیلام، ٧ هاووڵاتیی خەڵکی شاری ئیلام پاش خواردنەوەی مەشرووبی ژەهراوی، کەسێکیان گیانی لەدەست دا و ٦ کەسی دیکە بە سەختی ژەهراوی بوون و باری تەندروستییان نالەبار ڕاگەیاندراوە.

سەرەڕای مردنی هاووڵاتییەک، دوو کەسی دیکەیان بیناییان لە دەست داوە و هەروەها کەسێکی دیکە بە هۆی مەترسی لەسەر گورچیلەکانی، \"دیالیزیان\" بۆ کردووە.

لەو پەیوەندییەدا، فەرماندی هێزە ئینتزامییەکانی شاری ئیلام ڕایگەیاند: \"دوو کەس لە فرۆشیارانی مەشرووباتی ئەلکۆلی لەو پەیوەندییەدا، دەسبەسەر کراون و ڕەوانەی زیندان کراون.\"

پێشترین لە شارەکانی بۆکان، بانە، ورمێ و پیرانشار، نزیکەی ٥٠ هاووڵاتی، بە هۆی خواردنەوەی مەشرووباتی ناستاندارد، گیانیان لەدەست دا و ژەهراوی بوون.