بە هۆی لێدانی دەرزی، زیندانییەكی كورد بەشێك لە جەستەی لەكار دەكەوێت

19:45 - 12 بەفرانبار 2711
كوردپا، هاووڵاتییەكی دەستبەسەر كراوی شاری سەردەشت بە هۆی لێدانی دەرزی لە بهداری گرتووخانەی شاری مەهاباد بەشێك لە جەستەی لە كار دەكەوێت.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە مەهاباد، عەلی چاك تەمەن 26 ساڵ و خەڵكی گوندی \"چەكو\"ی سەر بە ناوچەی سوێسنایەتیی سەردەشت دوای ئەوەی بە هۆی جێگیر نەبوونی تەندرووستی سەردانی بهداری ناو زیندانی گشتیی شاری مەهاباد دەكات، لە ئەنجامی لێدانی دەرزییەك هەر دوو لاقی له كار دەكەون.

ئەو هاووڵاتییە كوردە لەلایەن لێپرسراوانی زیندانەوە رەوانەی ناو بەندەكەی دەكرێتەوە بەڵام بە هۆی ناڕەزایەتیی دەربڕینی زیندانییان بە بارودۆخی جەستەیی عەلی چاك، رەوانەی نەخوشخانەی شاری ورمێ‌دەكرێت.

هەواڵنێرمان لە درێژەدا رایگەیاند، عەلی چاك هەتا ئێستا چارەسەریی بۆ نەكراوە و تەندروستی رۆژ لە دوای رۆژ بەرە و خراپی دەروات.

عەلی چاك بە تاوانی هاوكاریی لەگەڵ حیزبێكی دژبەری حكوومەتی ئیسلامیی ئێران بە 7 ساڵ زیندانی حوكم دراوە.