بە هۆی شەڕ و دەمەقاڵێوە، سێ لاوی سنەیی کوژران و بریندار بوون

14:59 - 8 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: شەڕ و دەمەقاڵێی نێوان چەند کەس لە شاری سنەدا، بوو بە هۆی کوژران و برینداربوونی سێ هاووڵاتی.

شەوی سێشەممە، ٧ی جۆزەردان، بە هۆی شەڕ و دەمەقاڵێ لە نێوان چەند هاووڵاتی لە شاری سنەدا، دوو هاووڵاتی کوژران و هاووڵاتییەکی دیکەش بریندار بوو.

ئەم ڕووداوە لە گەڕەکی \"کوێرئاوا\"ی شاری سنەدا ڕووی داوە و کەسێک بە چەکی گەرم تەقەی لە سێ هاووڵاتی کردووە و لە ئاکامدا دوو هاووڵاتی دەکوژرێت و هاووڵاتییەکی دیکەش بریندار دەبێت.

شوناسی کوژراوەکان، بە ناوەکانی \"هادی سەمەدی\" و \"بەرزان\"، ڕاگەیەندراوە.
پاش ئەم ڕووداوە، بکوژەکە لە شوێنی ڕووداوەکە هەڵاتووە و هەروەها بریندارەکانیشیان بۆ چارەسەری پزیشکی، ڕەوانەی نەخۆشخانەی \"کەوسەری\" شاری سنە کردووە.

دەوترێت، بکوژەکە چەند مانگ پێش، لە پارکی منداڵی شاری سنەدا، دەستی بە تەقەی هەوایی کردبوو و پاش ڕۆژێک لە زیندان ئازاد کرابوو.