بە هۆی درەنگ گەیشتنی ئامبوڵانس هاووڵاتییەک گیانی لە دەست دا

20:39 - 17 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ لە جاددەی زەڕینەی ناوچەی دیواندەرە چوار کەس بوونە قوربانی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە یەک کیلۆمێتری جاددەی زەڕینەی ناوچەی دیواندەرە، بە هۆی پێکدادانی دوو ماشین لە جۆری پراید و پژۆ، چوار کوژراو و بریندار لێ کەوتەوە.

لەو ڕووداوە، یەکێکی دیکە لە برینداربووەکانی، بە هۆی سەختی برینەکەی و درەنگ گەیشتنی هیلالی ئەحمەر گیانی لە دەست دا.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ژنێکی دووگیانی کورد بە ناوی \"گەلاوێژ عەلیپوور\" کچی نەجمەدین خەڵکی گوندی \"باوان\" سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، بە هۆی کەمتەرخەمی و درەنگ گەیشتنی ئامبوڵانس گیانی لە دەست دا.

خراپی دۆخی ڕێگەوبانەکانی وڵاتی ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی، ناوەبەناوە ڕووداوی دڵتەزێنی لێ دەکەوێتەوە و بەرپرسانی پێوەندیداریش لەوپەڕی خەمساردیدان و هەر ڕۆژە گەندەڵییەکی ئابوورییان لێ دەردەکەوێ.

سەروەت و سامانی وڵات دەچێتە گیرفانی بەرپرسانی نابەرپرس و خەڵکی سڤیلیش دەبنە قوربانیی خەمساردی و کەموکوڕییەکانی ئەوان.

پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ماڵپەڕی \"بولتن نیوز\" باسی لە نێونجی کوژران و برینداربوونی ڕووداوی هاتووچۆی لە ئێران کردبوو؛ بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، شیمانەی نێونجی ٢٣ هەتا ٢٧ هەزار کوژرا و ٢٥٠ هەزار بریندار لە ئەنجامی پێکدادانی ماشینەکان لە ماوەی یەک ساڵدا دەکرێت، کە دەکرێ بڵێین هەر ساڵ بوومەلەرزەیەکی گەورە لە ئێران ڕوو دەدات.