بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەتی ئێران ٤ کەس کوژران

21:51 - 29 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ٤ هاووڵاتیی کورد دەکوژرێن و کەسێکی دیکەش بە توندی بریندار دەبێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی بانەمەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، ؛ لە جاددەی سەقز ـ بۆکان چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە نزیک گوندی \"سەرا\" ماشێنێکی لە جۆری سەمەند دەدەنە بەر دەسڕێژیی ڕاستەوخۆی گولـلە و لە ئەنجامدا شۆفیرەکەی دەکوژرێت.

بە هۆی کوژرانی شۆفیرەکەوە، ماشێنی ئەو ‌هاووڵاتییە کورەدە لەگەڵ ماشێنێکی جۆری پێژۆ کە لە شاری بۆکانە و بەرەو شاری سەقز ڕۆیشتووە تەسادووف دەکات و لە ئەنجامدا ٤ سەرنشینی پێژۆکە دەمرن و شوۆفیری پێژۆکە و کچەکەی بە توندی بریندار دەبن.

شۆفیری ماشێنی پێژۆ و کچەکە بۆ نەخۆشخانی شاری بۆکان ڕادەگوازرێن.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە ڕایگەیاند کە تەندروستی شۆفیری پێژۆکە زۆر نالەبارە و هەنووکە لە کۆما دایە و کەچەکەش دوو دەست و لوتی شکاوە و لە نەخۆشخانەی شاریسەقز ڕاگیراوە.

هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئێران هۆکاری هێرش و دەسڕێژی بۆ سەر ماشێنی سەمەندی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان هەڵگرتنی کەل‌وپەلی قاچاغ ڕاگەیاندووە.

هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی ئێران، بەردەوام لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەدرێنە بەر دەستڕێژی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان و ئەو هێزانەش بە ئەنقەست تەقە لە خەڵک دەکەن.