بە هۆی تەقینەوەی مینێک شۆفیری لۆدێرێک لە شاری مێهران بریندار بوو

19:58 - 23 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە فەرمانبەرانی ئیدارەی ڕێگاوبانی شاری مێهران سەر بە پارێزگای ئیلام، بە هۆی تەقینەوەی مینێکی بە جێماو بریندار و تووشی مەوج گرتووی بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٣ی بەفرانبار، شۆفیری لودێرێک بە ناوی \"مەحموودزادە\" فەرمانبەری ئیدارەی ڕێگاوبانی شاری مێهران لە ناوچەی \"قەڵاوێزان\" لە حاڵی دێپۆ و بارکردنی چەو و لەم، بە هۆی لێدانی مینێکی دژە تانک و تەقینەوەی ئەو مینە بە لۆدێرەکەدا، بریندار بوو.

لەو ڕووداوە، لۆدێرەکە بە تەواوەتی زیانی پێگەیووە و شۆفیرکەش تووشی مەوج گرتوویی هاتووە و بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی شاری ئیلام کراوە.

هەروەها، ڕۆژی یەکشەممە ٢ی بەفرانبار ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \" ڕوحوڵڵا پاریاب\" تەمەن ٤٧ ساڵە شۆفیری لۆدێری ناوەندی پاککەرەوەی مینی ئێران، بە هۆی تەقینەوەی مینی دژەتانکی M19 بە توندی بریندار بوو.
دوای تێپەڕبوونی ٣٠ ساڵ لە شەڕی ئێران و عێراق مین بەردەوام قوربانی دەگرێت.

بەپێی لێکۆڵینەوە فەرمییەکان، ئێران دووهەمین وڵاتی ئاڵوودە بە مین لە ئاستی دنیا دایە. ٤ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار هێکتار لە ئێراندا ئاڵوودە بە مینه کە ١٦ میلیۆن مین مەزندە کراوە.

پارێزگاکانی ورمێ، سنه، کرماشان، ئیلام و خوزستان پێنج پارێزگای سەرەکی لە ئێران دان کە ئاڵوودە بە مینن.