بە هۆی تەقینەوەی مین دوو سەربازی ئەرتەش لە قەسری‌شیرین گیانیان لە دەسدا

13:23 - 25 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو سەربازی ئەرتەشی ئێران لە سنووری \"خان‌لەیلی\" شاری قەسری‌شیڕین سەر بە پارێزگای کرماشان بە هۆی تەقینەوەی مین گیانیان لە دەسدا.

ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی بەفرانبار، دوو سەربازی ئەرتەشی ئێران لە خاڵی سیفری سنووری ناوچەی \"خان‌لەیلی\" شاری قەسری شیرین بە هۆی تەقینەوەی یەکێک لە مینە بە جێماوەکانی شەڕی ئێران و عێراق، بریندار بوون و بە هۆی کاریگەری بوونی برینەکەیانەوە، گیانیان لە دەس دا.

هەواڵدەرییەکانی حكوومەتی شوناسی ئەم دوو سەربازەی ئەرتەشی ئێرانیان بە ناوەکانی \"عەلیڕەزا نادعەلی\" و \"عەلیڕەزا مەشرەقی\" ڕاگەیاندووە.

تەقینەوەی مین لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی پارێزگای کرماشان بە تایبەتی ناوچە سنوورییەکان لە حاڵێکدا ڕوو دەدات کە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ٩١، جێژنی خاوێنکردنەوەی ٧٠٠ هەزار هێکتار لە زەوییە ئالودەکراوەکان بە مین لە کرماشان بە بەشداری بەرپرسانی حکوومەتی بەڕێوەچوو.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی بەفرانبار، فەرماندەی ئینتزامیی شاری دێهلۆڕان لە وتووژێکدا لەگەڵ هەواڵنێرەکانی کاناڵە خەبەری \"پۆلیس\"، باسی لە بریندار بوونی لاوێکی تەمەن ٣٤ ساڵ لە عەشایری کۆچ لە ناوچەی چیلات شاری دێهلۆڕان بە هۆی تەقینەوەی مین کرد.