بە هۆی بێکارییەوە لاوێک لە ورمێ خۆی کوشت

14:30 - 1 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی خەڵکی شاری ورمێ بە هۆی بێکاری و بێ‌هێوا بوون لە داهاتوو، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی یەک شەممە ٣٠ خەزەڵوەر، لە شارۆچکەی\"باڵۆ\"ی سەر بە شاری ورمێ لاوێکی تەمەن ٢٦ ساڵە بە ناوی\"یوونس ئەفشاری\" هەوڵی خۆکوژی دا.
ناوبراو بە کەڵکوەرگرتن لە دەمانچە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

هەواڵنێری کوردپا وێڕای پشتڕاست کردنەوەی هەواڵی خۆکوژیی ئەو لاوە، ڕایگەیاند:یوونس سەرەڕای تەواو کردنی زانکۆ، بەڵام بە هۆی بێکارییەوە ئازاری دەچێژا و ئەم بابەتەش بێ‌هێوا بوونی ناوبراوی لە داهاتوو زۆرتر کردبوو.

دەگوترێ، ئەو لاوە ماوەیەک پێش باسی لە هۆکارکانی خۆکوژیی خۆی کردبوو.

هەروەها مانگی ڕابردوو لە بەشی ئەزگڵەی سەر بە شاری سەلاسی باوەجانی، لاوێکی خەڵکی ئەو شارە پاش بێ‌هیوا بوون لە هەلی کار و بارودۆخی نالەباری ژیانی، دەستی دایە خۆکوژی.

پارێزگاکانی ئیلام، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان زۆرترین ڕێژەی نێونجی بێکارییان لە وڵاتدا هەیە.

وەرزی بەهاری ئەمساڵ بەرپرسی دەفتەری تەندروستیی ڕەوانی و ئیعتیادی وەزارەتی بێهداشت، داوای هاوکاری لە وزارەتخانەکان بۆ کەم کردنەوەی خۆکوژی لە ئێراندا کردبوو. ئەو بەرپرسە بێکاریی بە هۆکار و پاڵنەری سەرەکیی خۆکوژییەکان لە ئێران ناوبردبوو.