بە هۆی بێکاری، هاووڵاتییەکی کورد لە شاری ئابدانانی ئیلام خۆی کوشت

15:09 - 14 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری ئابدانان سەر بە پاڕێزگای ئیلام، بە هۆی هەژاری و بێکارییەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو ١٣ی بانەمەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"ئەمین مورادی\" بە هۆی بێکاری کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

سەرچاوەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن، ئەو هاووڵاتییە کوردە دەزگیراندار بووە، کە بە هۆی دەستکورتی و بێکارییەوە خۆی کوشتووە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی شەممە ٨ی بانەمەڕ، کچێکی مێرمنداڵیش، بە ناوی \"ئاشنا مەحموودی\" کچی وەحید لە گەڕەکی ڕەحیمئاوای شاری شنۆ، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابوو.

کۆمەڵناسان لەو باوەڕەدان، هۆکاری کۆمەڵایەتییەکان وەکوو: هەژاری، نەبوونی پشتیوانی، بێهیوایی بە داهاتوو، سەرەکیترین هۆکارەکانی خۆکوژیی لاوان و مێرمنداڵان لە ئێراندا بە ئەژمار دێن.