بە هۆی ئاگرگرتنەوە، ٢٥ هێکتار گەنم لە شاری سەقز سووتان

16:32 - 6 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی ئاگرگرتنی زار و زەویی هاووڵاتییانی کورد لە شاری سەقز، ٢٥ هێکتار گەنم لە ئاگردا سووتان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئاگر ٢٥ هێکتار گەنمی لە سەقزدا کردە خۆڵەمێش.

ئەم ئاگرە کە مەزرای گەنمی دوو گوندی\"دەرەقوڵە\"و\"ڕۆستەمانی\" بەخشی ئیمامی ناوچەی سەقز گرتەوە، لە لایەن خەڵکی ناوچەکەوە کونتڕۆڵ کرا و کوژایەوە.

ئاگرگرتنی گەنم و لەوەڕەکان، زۆرجار لە ڕێگەی مرۆڤەوە ڕوو دەدات و زیانی زۆر بە جووتیارانی کورد دەگەیەنێت.

بڕی نرخی هەر کیلۆیەک گەنم بۆ فرۆشتن لە ئێراندا ١٤٨٨ تمەن دیاری کراوە و بەو پێیە جووتیارانی ئەو دوو گوندە بە هۆی ئەو ئاگرگرتنەدا زەرەر و زیانی زۆریان لێ کەوتووە و زۆرجار لایەن پەیوەندییەدارەکانی حکوومەتی بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زەرەر و زیانانە، کەمتر لە نیوەی پارەکەیان پێی دەدەنەوە.