بە نیشانەی ناڕەزایەتی دژ بە سێدارە، خەڵکی گوندی سەراوقامیشی سنە پەتی سێدارەیان ئاگر دا

13:19 - 20 بانەمەڕ 2722

ڕۆژی دووشەممە ١٩ی بانەمەڕ، لە ١٢هەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی فەرزاد کەمانگەر و چوار زیندانیی سیاسیی دیکە، خەڵکی گوندی سەراوقامیشی شاری سنە، پەتی سێدارەیان ئاگر دا.

هاووڵاتییانی خەڵکی ئەو گوندە، بە مەبەستی ئیدانەکردنی لەسێدارەدانی هاووڵاتییان بە گشتی و ٥ زیندانیی سیاسیی کورد لە ڕێکەوتی ١٩ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی، پەتی سێدارەیان ئاگر دا.

مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٨٥ی هەتاوی، فەرزاد کەمانگەر لە شاری تاران  دەسبەسەر کرا و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە تاوانی ئەندامیەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی درابووە پاڵ.

فەرزاد  کەمانگەر، ڕێکەوتی ١٩ی بانەمەڕی ٨٩، لە بەندیخانەی ئەوین لەگەڵ عەلی حەیدەریان، فەرهاد وەکێڵی، شیرین عەلەمهولی و مەهدی ئیسلامیان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پارێزەر و بنەماڵەکانیان لەسێدارە دران و بە شاراوەیی ئەسپەردەی خاک کران.