بە فەرمی، دان بە گیرانی هاووڵاتیانی کوردستانی ئێراندا نرا

14:22 - 25 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: پولیسی ئێران لە ڕاپوڕتی چالاکییەکانی ئەو ساڵیدا هێمای بە دەستبەسەرکردنی ١١٠ هاووڵاتی لە کوردستان کرد.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کوردپا، لە سەرەتای ئەو ساڵدا مەئموورانی ئەمنی و نیزاميی سەربە پولیسی ئینتزامی حکوومەتی ئێران، ١١٠ هاووڵاتییان لە ناوچەکانی کوردستانی ئێران دەستبەسەر کردووە.

وتەبێژی هێزی ئینتزاميی حکوومەتی ئیسلاميی ئێران لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: لە ماوەی ئەم ساڵدا ١١٠ نەفەر لە کەسانی دژەشۆڕش لە ڕۆژئاوای وڵاتدا دەستبەسەر کراون.

ڕۆژنامەی \"حمایت\" لە زاری سەعید مونتەزيرولمەهدی بڵاوی کردەوە کە ئەو کەسانە لەلایەن \"پاسەوانی سنوور\"ەوە گیراون.

ئەوە یەکەمجارە کە پولیس بە فەرمی دان بە گیرانی کەسانی \"دژەشۆڕش\"دا دەنێت و لە ڕاگەیەنەکاندا باسیان لێ دەکات.

ئەو بەرپرسەی هێزی ئینتیزامی باسی لە شوناس و چارەنووسی ئەو ١١٠ کەسە نەکرد و خۆی لە دانی وردەکاريی زیاتر پاراست.

زاراوەی \"دژەشۆڕش\" لە ئەدەبیاتی سیاسیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بەو کەس و لایەنانە دەوترێت کە چالاکيی سیاسی بە پێچەوانەی سیاسەتی فەرميی حکوومەت دەکەن.

لە کوردستان ئێراندا، وەزارەتی ئیتلاعات بەرپرسی دۆسیەی کەسانی سیاسییە و سپای پاسدارانیش لە سەرسنوورەکان جێگیرە و لێپرسینەوە لە هاووڵاتییان دەکات.

هەندێك لە ناوەندەكان و کەسانی توندڕەويش، هەموو هاووڵاتییەکی کوردستانی ئێران(دانیشتووانی پارێزگاکانی کرماشان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و ئیلام) کە بەبێ ئێزن بە سنوورەکاندا تێپەڕێت، بە \"دژەشۆڕش\" دەزانن.

هەروەها تاکوو ئێستا هیچ لایەنێکی سیاسی و ئۆپۆزيسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران پەرچەکرداری بەرنابەر بەو وتانەی سەعید مونتەزرولمەهدی نەبووە.