بە سەدان هێکتار لە دارستانەکانی کوردستان سووتێندراون

16:33 - 20 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی خودی ڕێژیمی ئیسلامی، ساڵی ڕابردوو سەدان هێکتار لە دارستانەکانی پارێزگای سنە سووتێندراون و ئەمساڵیش ئەگەری سووتانی ڕێژەیەکی زۆرتری دارستانەکانی کوردستان هەیە.

ساڵانە لە وەرزی گەرمادا ئاگر لە دارستان و شاخەکانی کوردستان بەر دەدرێن و بەو هۆیەوە هەموو ساڵێک خەسارێکی زۆر گەورە لە سروشتی کوردستان دەدرێ.

بە وتەی بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سروشتییەکانی پارێزگای سنە، لێڕەوار و دارستانەکانی کوردستان، لە مەترسیی لەنێوچووندان و ساڵانە خەساری زۆریان لێ دەدرێ.
ناوبراو دەڵێ؛ تەنیا لە ساڵی پاردا، زیاتر لە هەزار و سەد هێکتار لە دارستانەکانی پارێزگای سنە لە ئاگردا سووتاون و دەزگاکانی ڕێژیم کارێکی ئەوتۆیان بۆ نەکرا کە پێش بەو سووتان و لەنێو چوونانە بگرن.

بە قسەی ئەو بەرپرسەی ئیدارەیەکی ڕێژیم، هۆکاری سووتانی دارستانەکان لە جیهاندا زۆرن و لە ئێرانیش ئەو شتانە هەیە! بەڵام هەر لە نێو قسەکانیدا دان بەوەدا دەنێ کە، یەکێک لە هۆکارەکانی ئاگرتێ‌بەربوونەکان، هۆکاری مرۆییە و کەوتنەوەی ئەو ئاگرانە، ئەنقەستی پێوەیە.

لە پارێزگایەکی دیکەی کوردستان، لە ئیلامیش بەرپرسانی سەرچاوەسرووشتییەکان باسیان لەوە کردووە کە خۆیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی سووتانی دارستانەکان لەم‌ساڵدا ئامادە دەکەن.

جێگای ئاماژەیە کە ساڵانە لە هەموو پارێزگاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئاگر لە دارستانەکان بەردەرێن و بەپێی قسەی خەڵکی ناوچەکان، هێزەکانی ڕێژیم، بەتایبەت سپای پاسداران هۆکاری سەرەکیی ئاگرکەوتنەوەکانن کە دەیانەوێ دارستانەکان لە نێو بچن و دەست بە سەر زەوییە سووتاوەکاندا بگرن و داگیریان بکەن.

ساڵی پار لە نزیک شاری مەریوان، سپاسی پاسدارن دەستی بە سەر چەندین هێکتار زەویدا گرت و داگیری کرد.

لەحاڵێکدا بەرپرسی سەرچاوەسرووشتیەکان لە پارێزگای سنە، باس لەوە دەکات کە ئاگرگرتنی دارستانەکان لە هەموو جیهاندا هەیە، کە لە هەموو وڵاتانی جیهاندا ئەرتەشی ئەو وڵات یارمەتیدەر دەبێ بۆ کۆنتڕۆڵی ئاگرکەوتنەوەکان، نەک وەکوو سپای پاسداران خۆی دەستی لە سووتاندنەکاندا هەبێ. هەروەها هەموو وڵاتانی جیهان دوای ئاگرکەوتنەوەکان پرۆژەی تایبەت بۆ بووژاندنەوەی دارستانەکان بەڕێوە دەبەن، نەک وەکوو سپای پاسداران دەست بە سەر زەوییە سووتاوەکاندا بگرن.